پێش ئەوەی بێناز کەون نازیان بکێشن. لەبری دەستهێنان بەسەریاندا پارویەک بخەرە گەدەی باوکیانەوە، هەواڵێکی گیرفانی جانتای مەکتەبیان بپرسە.

یەکێ لەو کچانە لە دواناوەندیدا بوو ئەڵێ ئێمە کۆمەڵێ دەستەخوشک و هاوڕێی قوتابخانە بووین، بەیانیان هەریەکەو خواردنێکی سادەی بۆ خواردنی بەیانی ئەهێنا و لە قوتابخانە تێکەڵمان دەکرد و کەس نەیدەزانی کێ چی هێناوە و کێ هیچی نەهێناوە و بە مەحەبەت و قسەی خۆشەوە نانمان دەخوارد. لە پشوویەکی نێوان وانەکاندا من دەمزانی و هەستم کردبوو قوتابییەکی هەژارمان تیایە و هیچ ناهێنێت و دێت لەگەڵمانا نان دەخوا، بەم شێوە گوزەراندمان تا کۆتایی ناوەندی، لەوکاتەدا باوکی کچە هەژارەكه‌ مرد و دوای ماوەیەکی کەم لەپڕ بارودۆخ و جلوبەرگ و خواردنی کچەی هەژاری هاوڕێمان بەرەو باشتری زۆر گۆڕا، بەشێوەیەک وامزانی میراتی زۆری بۆ بەجێ ماوە.

ڕۆژێ دەستیم گرت و پرسیاری ئەم گۆڕانکاریانەم لێ پرسی؟ سەری داخست و دایە پڕمەی گریان و تاساو قسەکانی لە قوڕگیدا بە ئاسان نەدەهاتنە سەر زمانی، زۆر پەرێشان و مەلول هاتەپێش چاوم، دواتر بە هەناسەیەکی ئاگرین و حەسرەتبارەوه‌ وتی: واللە پێشتر شەوانە بەبێ نان سەرم لەسەر سەرین داناوە و لەتەنانێک نەبووە بیخەمە ناو دەمم و بە برسیەتی ڕۆژم کردوەتەوە، بەو ئومێدەی بگەمە مەکتەب و لەو خواردنەی ئێوە ئامادەتان دەکرد، تۆزێک بخۆم. دایکە مەینەتبارەکەم ئەوەی ئێوارە هەمان بوو، هەڵی دەگرت بۆ بەیانی تا بیداتە برا بچکۆڵەکانم و لەبرسانا نەمرن، منیش بەیانیان زوو لەماڵ دەردەچووم تاوەکو خواردنەکە بەشی ئەوان بکات، ئەوە حاڵمان بوو تا باوکم مرد، ئێستا خزم و دراوسێ  و ناسیاوەکانمان گرنگیمان پێ دەدەن وەکو بەزەیی‌هاتنەوە بە هەتیو و بێباوکدا...

هاوڕێ گیان ئاواتەخواز بووم پێش ئەوەی باوکم بمرێت، بۆ یەکجاریش بوایە تێر نانی بخواردایە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاواتەم نەهاتەدی و باوکم بەجێی هێشتین، بەچاوی فرمێسکاوییە وتی باشە ئەو خزمانە ئەو خواپێداوانە نەیاندەزانی ئێمە هەژار و نەبوین و باوکێکی نەخۆش چەنەها ساڵە لەماڵەوە کەوتووه‌، نەیاندەزانی بارودۆخمان ئاوایە تا باوکم نەمرد؟ یانی هەردەبێ دەست پان بکەیتەوە ئینجا بێن بەدەمتەوە؟ یانی نابێ دەوڵەمەندەکان پێش مردنی هەژارەکان هەست و ویژدانیان بجوڵێت، هەردەبێ هەتیوێک ببینن ئەوجا دەستگرۆییان بکەن، ئەی کوابەخشین، ئەی مافی دراوسێ کوانێ، ئەی ڕەحم و بەزەیی بۆ ون بووە.

 بۆیە دەڵێم خواپێداوەکان بڕۆن بگەڕێن بۆ ئەو خێزانە کزۆڵانەی کە نرکە و ناڵەیان ئاوێزانی ئاسمانە، باش بزانە تۆ زیاتر مەحتاجی بە خێر و یارمەتیدانی بێنەواکان، تاوەکو ئەوان بە پارەکەی تۆ. ڕۆژێک دێت ئەو ئاتاجییەت بەچاوی خۆت دەبینی، بەڵام بەداخەوە لەو کاتەدا پارەکانت لە دەرەوەی بازنەن و باڵانسی گیرفانیشت وەحدەی تیانەماوە.